بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کۆنفرانسی هەورامان بە دروشمی (کەلەپووری جیهانیی هەورامان و گەشەپێدانی بەردەوام- گرنگی تۆماری جیهانیی هەورامان لە لایەن رێکخراوی یۆنسکۆوە) ئەنجامدرا. لە رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا و لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا وەزیری رۆشنبیری ئێران و پارێزگاری کرماشان و نوێنەری هەورامان لە پەرلەمانی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانیتری ئێران وتەیان پێشکەش کرد و جەختیان لەسەر گرنگی بایەخدانی فراوانتری حکومەت بە هەورامان کردەوە. هاوکات عەباس غەزالی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە ناوی چڤاکی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانەوە وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگیپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەورامان کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە «پێویستە هەوڵی فراونکردنی کاری هاوبەشی نێوان رۆشنبیران و توێژەران بدرێت بۆ ئەوە باشتر بەسەر ئاڵەنگارییە کلتورییەکاندا سەرکەوتوو بین.»
لە پانێڵێ یەکەمی کۆنفرانسەکەشدا هەریەک لە (د. حەسەن دانایی فەڕ) باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق، (د. موئمین زەڵمی) مامۆستای زانکۆ و رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، و (د. محەمەدرەزا مەجیدی) نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە یۆنسکۆ وتاری پێشکەش کرد.
لای خۆیەوە د. موئمین زەڵمی رایگەیاند: هەورامان دەتوانێت لە چەند گۆشە نیگای جیاوازەوە ببێتە ئەڵقەی بەهێزکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد «گرنگە بەرپرسانی هەورامیی لە هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی نزیکتریان هەبێت لە پێناو باشترکردنی پەیوەندی دوو حکومەت، هەروەک سود لە لایەنی گەشتیاری هەورامان وربگیردرێت (گەشتیاری دیپلۆماسی) بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پێگەی هەورامان و دۆخی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئەوەی کە لە ناوچەی هەورامان کەمترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەیە دەکرێت ببێتە ئولگوویەکی سەرکەوتوو بۆ باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا و هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران دەتوانن سود لە ئەزموونی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەورامان وربگرن».
ئەو رۆشنبیرەی هەرێمی کوردستان پێشنیاری سازکردنی کۆنفرانسی هاوبەش و هەوڵی هونەری و فەرهەنگی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی کرد و باسیلەوەشکرد: «سنوری جوگرافی هەرێمی کوردستان و ئێران لە ناوچەی هەورامان تەنها جۆگەیەکی ئاو لە ناو باخە گوێزەکانی ناحیەی بیارە جیایکردووەتەوە و هەڵگرتنی ڤیزای سەفەر بۆ دانیشتوانی هەورامان و کردنەوەی ناوچەی بازرگانی ئازاد لە هەورامان دەتوانێت خزمەتێکی فراوان بە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بکات.»
لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەشدا دەیان توێژەری زانکۆکانی ئێران و سلێمانی و هەولێر توێژینەوەکانیان لەسەر تەوەرە جیاوازەکانی کۆنفرانسەکە پێشکەش کرد.
هەورامان ناوچەیەکی فراوانی سەرسەوزی کوێستانییە لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەی دانیشتوانەکەی بە نزیکەی ٧٠٠،٠٠٠ هەزار کەس هەژمار دەکرێت کە نزیکەی ٦٠٠ گوند و شار و شارۆچکەی دەکەوێتە سنوری ئێران و ٢٣ گوند و ناحیە و شارۆچکەی دەکەوێت سنوری هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.
Your Comment